بەروار: 16/05/2014        : بڵاوکردنەووه

پرسى دەستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمى كوردستاندا

75201411593kwrsedasalattt

ده‌ستاو ده‌ستكردنی ئاشتيانه‌ى ده‌سه‌ڵات بريتيه‌ له‌پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانى يان به‌شێكى له‌ده‌ستى نوخبه‌یه‌كی سیاسی حوكمڕان و راده‌ستكردنی بۆ نوخبه‌یه‌كی تری سیاسی هه‌ڵبژێردراو، ئه‌م پرۆسه‌يه‌ش له‌رێگاى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت. به‌پێى ئه‌مه‌ش هيچ قه‌واره‌يه‌كى سياسى تا هه‌تايه‌ له‌ده‌سه‌ڵات نابێ بمينێته‌وه‌. چونكه‌ ده‌بێ به‌ قه‌واره‌يه‌كى ترى سياسى جێگۆڕكێى پێبكرێت. به‌ڵام جۆره‌كانى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌سيستمه‌ سياسييه‌كاندا زۆرو جۆراو جۆرن و به‌شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌كرێت له‌دو جۆردا پۆلێنى بكه‌ين ئه‌وانيش:
يه‌كه‌م: شێوازى ئاشتيانه‌ى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات: بريتيه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌بێ به‌كارهێنانى هێز.
دوه‌م: شێوازى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌رێگاى به‌كارهێنانى هێز، واته‌ نوخبه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌رێگای توندی و تیژييه‌وه‌ ناچار ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات جێبهڵێت.

له‌سيستمى سياسى دیموكراسیدا پرۆسه‌ی ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌ماى هه‌يه‌ كه‌ گرنگترينيان فره‌ حيزبى و يه‌كتر قبوڵكردن و هه‌بونى داتاى دروست له‌سه‌ر رێژه‌ و ژماره‌ى ده‌نگده‌ران و دياريكردنى خوله‌كانی هه‌ڵبژاردن و كێبڕكێی سیاسی ته‌ندروست، هه‌روه‌ها پێويستى به‌ رای گشتی به‌هێز هه‌يه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامى ئاستێكى به‌رزى هۆشيارى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا دروست ده‌بێت. جگه‌ له‌مه‌ش له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگايانه‌دا كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن رۆڵی به‌رچاویان هه‌يه‌ له‌روماڵكردن و چاودێريكردنى پرۆسه‌كانى هه‌ڵبژاردن.

ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌وه‌ سه‌يرى ره‌وشى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ين ده‌بينين به‌ رواڵه‌ت به‌شێكى ئه‌م بنه‌مايانه‌ى تێدايه‌، به‌ڵام له‌ڕاستيدا ئه‌وه‌ ناگه‌يەنێت كه‌ پره‌نسيپى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمى كوردستاندا به‌دروستى پراكتيزه‌ ده‌كرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى:
a) هه‌مان ئه‌و حيزبانه‌ى له‌رابردودا به‌هه‌ر شێوه‌يه‌ك ده‌سه‌ڵاتيان وه‌رگرتبێت، ئه‌وا‌ به‌ سياسه‌ته‌ نه‌گۆڕه‌كانيانه‌‌وه‌‌ به‌رده‌وام له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ماونه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ نين‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ راده‌ستى هيچ لايه‌نێكى ترى بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باڵاده‌ستبونيان له‌ قۆناغێكى دياريكراوى مێژويى بزوتنه‌وه‌ى رزگاريخوازى گه‌لى كوردستان و ئه‌قڵيه‌تى پاوانخوازى حيزبى و كه‌سانى ده‌ستڕۆيشتو له‌ نێو خودى ئه‌و جۆره‌ حيزبانه‌.

b) ئه‌گه‌رچى هه‌مو لايه‌نه‌ سياسيه‌كان دانيان به‌ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردندا ناوه، به‌ڵام له‌ڕاستيدا نايانه‌وێ ‌كار به‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. بۆ نمونه‌ به‌پێى به‌ركه‌وتى هه‌ڵبژاردنى 21/9/2013 له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێ لايه‌نه‌كانى به‌شداربو به‌بێ پارتى كه‌ براوه‌ى يه‌كه‌مه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن و پرۆسه‌ى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامبده‌ن. به‌ڵام پارتی وه‌كو ئه‌و هێزه‌ خۆی نیشانده‌دات كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌هه‌ڵبژاردنی 21/9/2013 به‌ده‌ست هێنابێت و نوێنه‌رایه‌تی زیاتر 56% خه‌ڵكی كوردستان بكات و حكومه‌تی زۆرینه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت، بۆيه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌ هه‌ستیاره‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئابوری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان وا مامه‌ڵه‌ ده‌كات كه‌ زۆرينه‌ى هێناوه‌. كه‌چی له‌راستیدا و به‌پێی راگه‌یاندراوی فه‌رمی كۆمیسیۆن پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگه‌كانی گه‌يشته‌‌ 743 هه‌زارو 984 ده‌نگ. كه‌ ده‌كاته‌ نزيكه‌ى 34% ده‌نگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ پارتى كه‌مينه‌يه‌ نه‌وه‌ك زۆرينه‌ له‌گه‌ڵيشيدا ئاماده‌ی ده‌ستاو ده‌ستكردن و گواستنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان نيه‌.

c) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى داموده‌زگا كارگێڕييه‌كان ياسا و په‌يكه‌رى رێكخستن و كه‌سايه‌تى مه‌عنه‌وى گشتيان هه‌يه‌، هه‌روه‌ها له‌بودجه‌ى گشتيه‌وه‌ ساڵانه‌ پشكى دياريكراويان بۆ ته‌رخانده‌كرێت، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ژێر هه‌ژمونى حيزبيدا كارده‌كه‌ن و وه‌كو دامه‌زراوه‌يه‌كى ده‌وڵه‌تدارى مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا ناكرێت، بۆيه‌ راده‌ستكردنيشيان بۆ هێزى نوێى گۆره‌پانى سياسى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌قڵيه‌ته‌ حيزبيه‌دا ناگونجێت.

d) له‌ماوه‌ى 23 ساڵى حوكمڕانى حيزبى له‌هه‌رێمى كوردستاندا نه‌توانراوه‌ ده‌ستورێكى وا دابڕێژرێت تێيدا پره‌نسيپه‌كانى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات ديارى بكرێت، به‌لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ له‌ ره‌وشێكى وه‌كو ئێستادا په‌ناى بۆ ببردرێت، واته‌ نه‌بونى ده‌ستور كۆمه‌ڵێك گرفتى ياسايى و دادوه‌رى بۆ خودى هه‌رێمى كوردستان دروستكردوه،‌ به‌ تايبه‌تى نه‌بونى دادگاى ده‌ستورى له‌كاتى به‌ بنبه‌ست گه‌يشتنى كه‌يسه‌ جۆراو جۆره‌كان له‌و داداگايه‌ يه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.

e) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ره‌وشی نه‌بونى ده‌ستور له‌هه‌رێمداو له‌كاتی پێكهێنانی هه‌ر حكومه‌تێكی تازه‌دا پێويسته‌ په‌نا ببردرێته‌ به‌ر ده‌ستورى هه‌ميشه‌يى عێراق كه‌ له‌ مادده‌ى (6) ى ئه‌م ده‌ستوردا هاتوه ‌”ده‌سه‌ڵات ئاشتيانه‌ ده‌ستا و ده‌ست ده‌كرێت له‌رێگاى ئه‌و ئامرازه‌ ديموكراسيانه‌ى‌ كه‌ له‌م ده‌ستوره‌دا ده‌قى پێهاتوه‌”، هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هێزى ده‌ستورييان هه‌يه‌ و به‌ركارن وه‌كو:
- یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسای‌ ژماره‌ (1) ی‌ ساڵی‌ (1992) به‌ پێی‌ بڕگه‌ی‌ (3) له‌ماده‌ی‌ (56).
- یاسای سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، یاسای‌ ژماره‌ (1) ی‌ ساڵی‌ (2005)، به‌پێی  بڕگه‌ی‌ (12) له‌ ماده‌ی‌ (10).
- یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یاسای‌ ژماره‌ (3) ی‌ ساڵی‌ 1992، به‌پێی بڕگه‌ی‌ (1) له‌ماده‌ی‌ (2).

به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌ بوارێكى ره‌خساندوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستورى تايبه‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت و نه‌ زه‌مينه‌سازى ئه‌وه‌ى كردوه‌ كه‌ ده‌ستورى هه‌ميشه‌يى عێراق له‌هه‌رێمى كوردستان كارى پێبكرێت، له‌كاتێكدا خودى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم له‌داڕشتنى ده‌ستورى عێراقدا رۆڵى كاريگه‌رييان هه‌بو و هه‌مو خه‌ڵكى كوردستان ده‌نگى پێدا و له‌سه‌رانسه‌رى عێراق پێويسته‌ كارى پێبكرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌ستورى تايبه‌ت به‌ خۆشى هه‌بوايه‌ ناكرێت ده‌قه‌كانى پێچه‌وانه‌ى ده‌قه‌كانى ده‌ستورى عێراق بن.

پاشخانى ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنى ئاشتيانه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستان:
هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى خه‌باتى رزگاريخوازى گه‌لى كوردستان له‌رێگاى شۆڕشى چه‌كدارييه‌وه‌ وايكرد تاكه‌ حيزبێك له‌ گۆره‌پانه‌كه‌ باڵاده‌ست بێت و بوار به‌ لايه‌ن و حيزبى تر نه‌دات هاوبه‌شى كاريگه‌ر بن له‌و خه‌باته‌دا، به‌ڵكو ته‌نها به‌يه‌ك شێوه‌ جێگايان ده‌بۆوه‌ كه‌ ئه‌ويش ته‌نها پاشكۆبون و پياده‌كردنى سياسه‌تى حيزبى پێشڕه‌و بوه‌. ئه‌و ره‌وشه‌ش رێك له‌دواى ده‌ستپێكردنى شۆڕشى ئه‌يلوله‌وه‌ دروستبوه‌ و بۆ ساڵانێكى زۆر درێژه‌ى كێشا تا ساڵى 1975، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ قۆناغى يه‌كه‌مى باڵاده‌ستبونى تاكه‌ حيزبێك له‌ كوردستانى عێراق داده‌نرێت. ئه‌مه‌ش له‌ڕوى سايكۆلۆجيه‌وه‌ له‌ ئه‌قڵيه‌تى لايه‌نگران و هه‌وادارانى ئه‌م حيزبه‌دا زه‌مينه‌ى بڕوابون به‌ تاكڕه‌وى خۆشكرد و قبوڵنه‌كردنى ده‌ستا و ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتى هێنايه‌ ئاراوه‌. بۆيه‌ له‌ قۆناغى دوه‌مدا كه‌ له‌ ساڵى 1976 وه‌ ده‌ست پێده‌كات ئه‌ويش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ پارتى له‌ گۆڕه‌پانى خه‌باتى سياسى به‌ شێوه‌يه‌ك له‌شێوه‌كان دوركه‌وتبۆوه‌ و په‌يدابونى حيزبێكى تر به‌ ناوى يه‌كێتى له‌ گۆره‌پانه‌كه‌ كه‌ توانى له‌ ناوچه‌يه‌كى به‌رفراواندا ده‌سه‌ڵاتى خۆى بچه‌سپێنێ و له‌گه‌ڵ پارتى بناغه‌ى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆياندا دابنێن. به‌ڵام ديسان هه‌ر يه‌ك له‌م دو حيزبه‌ به‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو بواريان نه‌ده‌دا له‌ ناوچه‌كانى خۆياندا فره‌ حيزبى و بوارى ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات پياده‌ بكرێت ته‌نانه‌ت له‌نێوان خۆشیاندا. ئه‌گه‌رچى له‌و قۆناغه‌دا باڵاده‌ستبون له‌ پێناو ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هه‌رچى زياترى سامان و داهات نه‌بو، به‌ڵكو له‌ پێناوى به‌ده‌سته‌وه‌بونى زۆرترين شوێن و ناوچه‌ و هێزى چه‌كدار بو، ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆى يه‌كتر قبوڵنه‌كردن و‌ شه‌ڕێكى درێژخايه‌نى براكوژى نێوان ئه‌و دو حيزبه‌. واته‌ ئه‌گه‌رچى له‌شاخدا فره‌ حيزبى هه‌بو به‌ڵام گيانى يه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ خه‌باتكردن نه‌بو، هه‌ر حيزبه‌ و له‌ ناوچه‌و له‌ پنتێكى جوگرافى دياريكراودا ده‌سه‌ڵاتى هه‌بو. ئيتر به‌م دۆخه‌وه‌ راپه‌رين سه‌ريهه‌ڵداو شاره‌كان كه‌وتنه‌ بنده‌ستى جه‌ماوه‌رى راپه‌ريو و حيزبه‌كانى شاخ.

قۆناغى سێهه‌مى بڕوانه‌بون به‌ ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنى ده‌سه‌ڵات خۆى له‌ حوكمڕانى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تدا ده‌بينێته‌وه‌ كه‌ ‌ئه‌ويش دواى ئه‌وه‌ى راپه‌رين له‌ كوردستان به‌رپابو و ئيداراتى ناوه‌ندى حكومه‌تى عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ رێكه‌وتی (23/10/1991) كشايه‌وه‌ و له‌ (19/5/1992) يه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتى رێژه‌ى (50.22%) و يه‌كێتى (49.78%) ى ده‌نگه‌كانى هه‌رێمى كوردستانيان به‌ده‌ستهێنا و پاشان به‌ رێكه‌وتن حكومه‌تێكى په‌نجا به‌ په‌نجايان هێنا ئاراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆيدا به‌ڵگه‌ى بڕوانه‌بون بو به‌ ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات. كه‌ خۆى له‌راستيدا ده‌بو يه‌كێكيان له‌ده‌سه‌ڵات بێت و ئه‌ويتر ببێت به‌ ئۆپۆزيسيۆن. چونكه‌ له‌ ره‌وشی فره‌ حیزبيدا لایه‌نی كه‌م نابێت له‌ دو حیزبی سیاسی كه‌متر هه‌بێت كه‌ به‌پێی كێبڕكێ له‌ نێوانیاندا به‌ پشتبه‌ستن بەیاسای هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌یه‌ك يه‌كێكيان ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌ويتريان ده‌بێته‌ ئۆپۆزيسيۆن.

له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا هه‌رچه‌نده‌ پێنج كابینه‌ى سه‌رتاسه‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا پێكهێنراوه‌ لەساڵه‌كانى ‌(1992، 1993،2006، 2009 و 2012)، هه‌روه‌ها له‌هه‌ولێر دو كابينه‌ له‌ ساڵه‌كانى (1996، 1999،) و له‌سلێمانيش سێ كابینه‌ له‌ساڵه‌كانى (1996، 2000 و 2004) پێكهێنراون. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌ينێ  به‌درێژایی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (پارتی‌ و یه‌كێتی‌)، یان پێكه‌وه‌ به‌پێی‌ بنه‌مای‌ (په‌نجا به‌ په‌نجا)، یان به‌ته‌نیا به‌پێی‌ باڵاده‌ستی هه‌ریه‌كه‌یان له‌ هه‌ریه‌كێك له‌ئیداره‌ی‌ (هه‌ولێر و سلێمانی‌)، كابینه‌ ‌یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك پێكبهێنن و حكومه‌ت دروست بكه‌ن  و باوه‌ڕيان به‌ ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات نه‌بو.

به‌ڵام دواى هه‌ڵبژاردنى (25/7/2009) و (21/9/2013) قۆناغێكى تر هاته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ويش كه‌ بزوتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رى وه‌كو گۆڕان له‌رێگاى سندوقه‌كانى ده‌نگدانه‌وه‌ توانى هاوكێشه‌ى سياسى بگۆڕێت و زه‌مينه‌سازى بكات و هه‌نگاو بنێت بۆ ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر رێژه‌يیش بێت. چونكه‌ له‌وكاته‌ى كه‌ گۆڕان به‌شدارى له‌پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كات ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت كه‌ جۆرێك له‌ ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامدراوه‌.

كاريگه‌رييه‌كانى ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات:
ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵگاكاندا كاريگه‌رى زۆرى به‌سه‌ر ره‌وشى ژيانى سياسى و ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و كه‌لتورييه‌وه‌ هه‌يه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش له‌ قۆناغی چه‌قبه‌ستوی ئێستایدا به‌ هه‌مو ره‌هه‌نده‌كانيه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ قۆناغێكی پڕ له‌ جموجۆڵ و كارا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنى كاريگه‌رى نه‌رێنى زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌مو ئه‌م ره‌وشانه‌. لێره‌دا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێ له‌و كاريگه‌رييانه‌ ده‌كه‌ين:

يه‌كه‌م: كاريگه‌رييه‌ ئه‌رێنيه‌كان:
a) ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات سه‌ره‌تا و هه‌نگاوێكى گرنگه‌ بۆ ده‌ستكردن به‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵی له‌ بوارى كارگێرى و دارایی به‌ تايبه‌تى كه‌رتى دارایی و نه‌وت و گه‌راندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ ده‌زگاكانی چاودێری دارایی و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری و ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان.

b) ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات شارێی چاره‌سه‌ری هه‌مو قه‌یران و كه‌یسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ هه‌ر له‌قه‌یرانی پرۆژه‌ی ده‌ستور هه‌تا گرفته‌كانی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم.

c) ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات دڵنیایی ده‌به‌خشێته‌ سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، چونكه‌ قۆرخكاری‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی ناهێڵێ.

d) ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستاندا وێنه‌يه‌كى ديموكراسى به‌ جيهانى ده‌ره‌‌وه‌ نيشانده‌دات.
e) له‌ ناوخۆشدا هێز و لايه‌نه‌ سياسيه‌كان له‌يه‌ك نزيكده‌كاته‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگى و وتارى هاوبه‌ش دروستده‌كات و ئاشتى كۆمه‌ڵايه‌تى بنياد ده‌نێت.

f) بوار بۆ كێبڕكێيه‌كى ديموكراسيانه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ تێيدا حيزبه‌كان له‌سه‌ر كارى باش و خزمه‌تى زياترله ناو جه‌ماوه‌ردا پێگه‌يان به‌هێز بێت.

دوه‌م: كاريگه‌رييه‌ نه‌رێنيه‌كان:
a) ده‌ستا و ده‌ستنه‌كردنى ده‌سه‌ڵات بۆته‌ هۆى لاوازبونى ئه‌داى حكومه‌ت له‌ كابينه‌ يه‌ك له‌ دوا يه‌كه‌كانيدا كه‌ له‌ئه‌نجامدا وايكردوه‌ كه‌مترين تازه‌گه‌رى و نوێبونه‌وه‌ له‌ كايه‌ى حوكمڕانيدا ئه‌نجامبدرێت‌‌. بۆ نمونه‌ پياده‌كردنى سياسه‌ت گه‌لێكى نه‌گۆڕ له‌ زۆربه‌ى جومگه‌ سه‌ره‌كيه‌كانى داموده‌زگاكانى حكومه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی پاشه‌گه‌ردانی تيایاندا ده‌بینرێ وه‌كو ‌بواره‌كانى ته‌ندورستى و گواستنه‌وه‌ و خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده‌ و … هتد.

b) قۆرخكردنى ده‌سه‌ڵات وا ده‌كات جه‌ماوه‌ر بیر له‌ رێگه‌ چاره‌ی تر بكاته‌وه‌ بۆ لابردنی ده‌سه‌ڵاتداران و ئه‌مه‌ش سه‌ر ده‌كێشێت بۆ په‌نابردنه‌ به‌ر توندو تیژی و به‌كارهێنانی زه‌برو زه‌نگ، كاتێك كۆمه‌ڵگا بگاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هیچ ده‌روازه‌یه‌كی تری له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ گۆڕانكاری.

c) هه‌روه‌ها قۆرخكردنى ده‌سه‌ڵات بۆته‌ مايه‌ى دروستبونى چه‌ندين كاره‌ساتى جه‌رگبڕ بۆ خه‌ڵكى كوردستان وه‌كو شه‌ڕى ناوخۆ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى سامان و داهاته‌كانى هه‌رێم.

d)  ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنى ده‌سه‌ڵات پرسى چاكسازى بەچەقبەستویی ده‌هێڵێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ مايه‌ى بەردەوامبونی دیاردەکانی گەندەڵی ‌و دزینی سەروەت ‌و سامانی هه‌رێمى كوردستان.

e) ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنى ده‌سه‌ڵات پرسی ناوچە دابڕاوەکان له‌ چاوه‌ڕوانى و يه‌كلايى نه‌كردنه‌وه‌دا هێشتۆته‌‌وه‌، چونکە یەکێتی ‌و پارتی بۆ راگرتنى پارسه‌نگى هێز و هاوكێشه‌ى سياسى له‌ نێوان خۆيان، و هه‌روه‌ها ده‌ستگرتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ به‌غدا، تا ئێستا نه‌يانويستوه‌ و نايه‌نه‌وێ ئەم پرسە چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

f) ده‌ستاو ده‌ستنه‌كردنى ده‌سه‌ڵات ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م هاتنه‌ئاراى سيستمى ديموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستان دروستده‌كات. كه‌ هه‌ر خۆى ئه‌م مانه‌وه‌يه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا زه‌مينه‌ى دروستبونى ديكتاتۆر و سته‌مه‌كار خۆشده‌كات.

g) مانه‌وه‌ى درێژخايه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا رێگره‌ له سود وه‌رگرتن له‌ هێز و وزه‌ى نوێ له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگادا دور له‌ حيزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات.