بەروار: 16/05/2014        : بڵاوکردنەووه

عه‌شقی پۆست

ململانێکه‌ له‌هه‌رێمه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ به‌غداد، بۆ شه‌ڕی وه‌رگرتنی پۆسته‌کان، به‌تایبه‌تی پۆستی سه‌رۆک کۆمار، مافی یه‌کێتیه‌ یان aso1-267x300پارتی یان کورد، ئه‌مه‌ مۆراڵێکی سیاسی زۆر هه‌رزانی ئێستای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ که‌چه‌ندین ساڵه‌ بونه‌ته‌ عاشقێکی سه‌رگه‌ردان بۆ پۆسته‌کانی به‌غداد.

هیچ میلله‌تێک وه‌ک کورد به‌رپرسه‌کانی عاشق به‌پۆست نین، ئه‌گه‌ر له‌به‌رپرسێکی کوردی بپرسیت پۆستت ده‌وێ یان سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌که‌ت، بێشک ئه‌ڵێ پۆست و وه‌ڵامه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ کاتی سه‌ربه‌خۆیی نه‌هاتوه‌و نه‌یارمان زۆره‌. پێشتر کورد چه‌ندین پۆستی وه‌ک سه‌رۆک کۆمارو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و سه‌رۆک ئه‌رکان و نائیبه‌کانی هه‌بوه‌و نه‌یتوانیوه‌ مالیکی بۆ یه‌ک جار ببه‌زێنێت، هه‌میشه‌ ئه‌و به‌غدایه‌ کورد شه‌رمه‌زارو سه‌رشۆڕ ئه‌کات‌و به‌رپرسانیشمان به‌وپه‌ری بێباکیه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی موعتادی ئه‌و به‌غداده‌ بن سه‌ری پێدا ئه‌که‌نه‌وه‌و بۆنه‌که‌ی هه‌ڵئه‌مژن.

دیسان که‌وتینه‌وه‌ ناو چوارگۆشه‌ی یه‌که‌م و موجامه‌له‌کردنی عه‌ره‌ب و مالیکی بۆ به‌خشینی بڕێک پاره‌و ئیمتیازو پۆست به‌حزب نه‌ک به‌کورد، ده‌بوو له‌ئێستادا ئه‌جێندایه‌کی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌بوایه‌ به‌رانبه‌ر به‌و نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ شۆڤێنیه‌ی که‌وه‌ک به‌عس بیر له‌کوردو نیشتیمانه‌که‌ی ئه‌کاته‌وه‌، ده‌بوو له‌بری موجامه‌له‌و موغازه‌له‌ی مالیکی و کۆبونه‌وه‌ی نهێنی و تاکلایه‌نه‌، حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌کۆده‌نگی و به‌ژماره‌ی کورسیه‌کانی دانوستانیان بکردایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ندو ئه‌وه‌نده‌ به‌بچوکی و سه‌رکزی داوای ده‌ستکه‌وت و باج و خه‌راج و پۆستمان نه‌کردایه‌.

ئه‌زمون ده‌ریخست ئه‌م جۆره‌ خه‌باته‌ بۆ کورد کۆمیدیایه‌، جگه‌ له‌کوشتنی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و سوککردنی مافه‌کانی گه‌لی کورد هیچی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی که‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم خه‌ون به‌دانوستان و وه‌رگرتنی پشک و پۆستی لابه‌لاوه‌ ئه‌بینن له‌به‌غداد، پێشمه‌رگه‌ هه‌ر له‌ئینزارو سه‌نگه‌ردایه‌، مالیکی هه‌ر دژایه‌تی کورد ئه‌کات به‌بڕینی موچه‌و 140و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان و دژایه‌تی پێشمه‌رگه‌، بۆ یه‌ک جاریش به‌رپرسێکی کورد دادگای نه‌کرا له‌سه‌ر که‌متوانایی و که‌مته‌رخه‌می و نه‌زانی و گه‌نده‌ڵی له‌به‌غداد، باشه‌ له‌دوای 9/4/2003 و روخانی به‌عس، که‌مته‌رخه‌می به‌ده‌ستنه‌هێنانی مافه‌کانی کورد کێ لێی به‌رپرسه‌، شکستی مفاوه‌زاته‌کان له‌ئه‌ستۆی کێیه‌، نه‌ناردنی موچه‌و ناشه‌فافی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت کێ لێی به‌رپرسه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رپرسانه‌ن که‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌به‌غدان ده‌ی دادگاییان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر مالیکیشه‌ ده‌ی ئه‌مجاره‌ عیززه‌تی نه‌فس و نه‌ته‌وه‌ بنوێنن و ڤیتۆی له‌سه‌ر دابنێن و مه‌هێڵن ببێته‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتدارو نه‌فره‌تی لێ بکه‌ن خۆ دونیا ئاخر نابێت.

جه‌ده‌لێکی سیاسی ئه‌بینرێت که‌گرنگه‌ وێنای بکه‌ین وه‌ک جه‌ده‌لێکی مێژویی له‌نێوان پێکهاته‌ی کوردو پێکهاته‌ی عه‌ره‌بی، بڕێک له‌و جه‌ده‌له‌، جه‌ده‌لی شۆڕشی کلاسیکه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و خاک و شه‌هیدی ره‌واو زمانی ره‌وا، ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌پێوه‌ری دانوستانی کلاسیکی و میراتیه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانیه‌وه‌ کارئه‌کات «وه‌رگرتنی پۆست به‌رانبه‌ر به‌موچه‌و بێده‌نگی تفه‌نگه‌کان» هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ یه‌کێتی و پارتی زۆر کار بۆ پاراستنی چه‌ک و جبه‌خانه‌و هێزه‌کانیان ئه‌که‌ن، به‌و پێوه‌ره‌ بێت تا چه‌ک هه‌بێت پۆستیش هه‌یه‌، ئه‌مه‌ مه‌نتیقی کاری سیاسی کورده‌ له‌به‌غداد، پێویسته‌ ئیدی ئه‌و مه‌نتیقه‌ بگۆرین و کار به‌مه‌نتیقی به‌ده‌ستهێنانی پۆست بکه‌ین له‌بری دڵڕازیکردنی حزب و عه‌شیره‌ت و که‌سه‌که‌ نا، به‌ڵکو له‌بری به‌ده‌ستهێنانی ماف و که‌رامه‌تی ئینسانی کوردو چیتر عه‌ره‌ب گه‌مه‌ به‌چاره‌نوسی ئه‌م میلله‌ته‌وه‌ نه‌کات، کاتیه‌تی ئێستا کورد فشاره‌کانی خۆی چڕبکاته‌وه‌ له‌سه‌ر مالیکی، به‌ڵام ئایا کورد فشاری هه‌یه‌، یان ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ فشاری ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمیه‌کانه‌ له‌سه‌ر هێزه‌ کوردیه‌کان و هه‌ر ئه‌وانیشن پۆسته‌کان داده‌نێن و ئه‌جێنداکانمان بۆ دیاری ده‌که‌ن.

ئاسۆ عه‌بدولـله‌تیف