بەروار: 16/05/2014        : بڵاوکردنەووه

ئاوی ئۆقیانوس بەرێژە ٤.٥ مەتر زیاد دەکات

بەردەوامی توانەوەی سەھۆڵی ناوچەکانی خۆرئاوای جەمسەری باشور دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ئۆقیانوسەکان بەرێژەی ٤.٥ مەتر.
لەوبارەیەوە زانایانی سەر بەئاژانسی فەزایی و فرۆکەوانی ئەمریکا (ناسا)و زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئیرڤین، گەیشتنە ئەو دەرەنجامە لەدوای چاودێریکردنی گۆرانکارییەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە دەریای (ئەمۆندسن).
بەپێی وتەی زانایان، توانەوەی سەھۆڵ بەشێوەیەکی خێراتر روودەدات و چەندین ساڵیش بەردەوام دەبێت.
شارەزایان رایانگەیاندوە کە سەھۆڵبەندانەکە بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو دەتوێتەوەو دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی ئاو لە ئۆقیانوسەکاندا لە ماوەی دە ساڵی ھاتوودا.
ھۆکاری توانەوەی سەھۆڵەکە دەگەرێتەوە بۆ بەرزبونەوەی پلەی گەرماو بوونی کونیلەی ئۆزۆن، کە ئەمانەش بوە ھۆی گۆرانکاری ئاراستەی بای جەمسەری باشور کە دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما.
زانایان میکانیزمی توانەوەی سەھۆڵەکەیان تاوتوێ کرد بەبەکارھێنانی داتای مەیدانی و چاودێری ئاسمانیی و فەزایی.
زانایانی ناسا بەنیازن بەردەوام بن لە توێژینەوەکانیان لەبوارەکانی گۆرانکاری لەسەر ھەسارەکان و گۆرانکارییەکانی کەشوھەوا بەبەکارھێنانی ئامێری ئاستبەرز.