بەروار: 16/05/2014        : بڵاوکردنەووه

که‌سوکارى قوربانیانى ئه‌نفال داواى ده‌ستگیرکردنى مسته‌شاره‌کان ده‌که‌ن

natoanfal

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م کتێبخانه‌ى گشتى ڕزگارى سێ ڕێکخراوى بوارى جینۆساید و که‌سوکارى قوربانیانى ئه‌نفال گردبونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا و وێڕاى ده‌ستخۆشییان له‌ فه‌رمانگه‌ى داواکارى گشتى سلێمانى و دادگاى به‌رایى کفرى بۆ هه‌وڵه‌کانیان بۆ ده‌ستگیرکردنى مسته‌شاره‌کان  ، داوایان له‌ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى هه‌رێم و حزبه‌کان کرد چیتر له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیى دادگاکان دروست نه‌که‌ن و پاڵپشتى تۆمه‌تباران نه‌که‌ن .
له‌به‌شێکى ترى گردبونه‌وه‌که‌دا بانگه‌واز له‌که‌سوکارى قوربانیان کرا که‌ به‌یه‌ک ده‌نگ فشاره‌کان زیاد بکه‌ن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکار بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفالچییه‌کان ده‌ستگیربکات.
شایانى باسه‌ ، ( 258)مسته‌شار به‌تۆمه‌تى به‌شدارى کردن له‌ شاڵاوى ئه‌نفال له‌لایه‌ن دادگای باڵاى تاوانه‌کانى عێراقه‌وه‌ داواکراون و چه‌ندین ساڵه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ پارێزگارییان لێ ده‌کرێت .
له‌چه‌ند ڕۆژى پێشوو یه‌کێک له‌تۆمه‌تباره‌کان له‌گه‌رمیان به‌ناوى ( ت. و) ده‌ستگیرکرا .
” ئه‌مه‌ش ده‌قى بانگه‌وازه‌که‌یه‌ ”
بانگه‌وازێک بۆ ڕای گشتی کوردستان
جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌فی کوردستان
که‌س و کاری سه‌ر به‌رزی شه‌هیدان و ئه‌فالکراوه‌کان
دوای ئه‌وه‌ی هه‌رسێ ڕێکخراوی بواری جینۆساید له‌ گه‌رمیان (کۆمه‌ڵه‌ی داکۆکی و ڕێکخراوی چاودێری کوردۆ ساید چاک و ڕێکخراوی 14/4) یاداشت نامه‌یه‌کمان له‌ 13/4/2014 ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌ی داواکاری گشتی که‌لار و گشت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ حکومه‌تی هه‌ریم کرد سه‌باره‌ت به‌گرتنی تۆمه‌تبارانی که‌یسی ئه‌نفال به‌سوپاسه‌وه‌ دادگای به‌رایی کفری وه‌ک ئه‌رکی ئه‌خلاقی و یاسایی خۆی بڕیاری گرتنی بۆ سه‌رجه‌م تومه‌تبارانی به‌شدار بوو له‌ قۆناغی سێی ئه‌نفال ده‌رکردوه‌ , ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌گشتیه‌کانی پۆلیسی هه‌ولێرو سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ردو فرَۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وله‌تی سلێمانی و هه‌ولێر کردوه‌ , له‌ ده‌سپێکی هه‌وڵه‌کانی پۆلیس و ئاسایش دا یه‌کێک له‌ تۆمه‌تباره‌کان به‌بڕیاری دادکا ده‌سگیرکراوه‌ و پۆلیسو ئاسایش به‌دوای ئه‌وانی تردا ده‌گه‌رێن .
ئێمه‌ ویڕای پشتگیریمان له‌ هه‌وله‌کانی فه‌رمانگه‌ی داواکاری گشتی سلێمانی و دادگای به‌رایی کفری و پۆلیس و ئاسایش , داوا له‌ هه‌مو دادگاکانی هه‌رێم ده‌که‌ین به‌ ئه‌رکی ئه‌خلاقی و یاسایی خۆیان هه‌ستن و گوشار له‌ سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندی دار دروست بکه‌ن بۆ راپێچ کردنی ته‌واوی تۆمه‌تبارانی که‌یسی ئه‌نفال .
هه‌روها بانگه‌وازمان ئاراسته‌ی هه‌رسی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی هه‌ریم (سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان )ده‌که‌ین وه‌ک هاوکارو هه‌ماهه‌نگ نه‌بونه‌ له‌جیبه‌جیکردنی داواره‌واکانی که‌س و کاری ئه‌نفالکراوه‌کان و سه‌روه‌ری یاسادا , چیتر ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ریش دروست نه‌که‌ن له‌به‌رده‌م جێبه‌جێ کردنی بریاره‌کانی دادگادا .
ڕێکخراوه‌کانی بواری جینوساید له‌ کوردستان , ڕۆشنبیران و نوسه‌ران وکه‌سایه‌تیه‌ به‌ریزه‌کان مامۆستایانی ئاینی , پیاوماقولان که‌سو کاری سه‌ر به‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان , بیرتانه‌ جاش و موسته‌شاره‌ داواکراوه‌کان له‌پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفالدا شانبه‌شانی سوپای داگیرکه‌ری ڕژیمی به‌عسی ڕۆخاو به‌شداریان له‌ئه‌تک کردنی ناموسی گه‌له‌که‌ی خۆیاندا کرد دایک و باوک و خوشک و براو مناله‌ چاوگه‌شه‌ کانمان به‌چاوساغی و ڕینومای ئه‌و به‌کرێگیراوانه‌ ئه‌نفال کران , ڕه‌زو باغ و مه‌ڕو مانگاو ده‌غلودانه‌کانمانیان هه‌موو به‌تالان برد , خانوه‌ قوڕینه‌کانیشمانیان له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت کرد , هیچ ما نه‌یکه‌ن ؟
بۆیه‌ بانگهێشتان ده‌که‌ین وه‌ک ئه‌رکێکی ئینسانی و ئه‌خلاقی خۆتان , به‌ده‌نگ بانگه‌وازه‌که‌مانه‌وه‌ بێن و  ببنه‌ لایه‌نی فشار به‌سه‌ر حکومه‌ت و ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌وه‌ که‌ بونه‌ته‌ مۆڵگه‌و په‌ناگه‌ی جاش و موسته‌شاره‌ داواکراوه‌کان , بۆئه‌وه‌ی یاسا سه‌روه‌ربی و تۆمه‌تباران به‌ سزای ڕه‌وای خۆیان بگه‌ن .
ناوی ڕێکخراوه‌کان :
1.    ڕێکخراوی چاودیری کوردۆ ساید چاک – نوسینگه‌ی باشور
2.    ڕێکخراوی 14/4
3.    کۆمه‌ڵه‌ی داکۆکیکار له‌ مافی قوربانیان و که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کانی گه‌رمیان
15/5/2014